دامەزراندنی ئەم میدیایە لە بیرۆکەیەکی سادەوە سەرهەڵدەدات؛ (کوردستانیان کە ئەمڕۆ ژمارەیەکی بەرچاویان نیشتەجێی وڵاتەکانی ئەوروپان) پێویستییەکی گەورەیان هەیە بۆ دەستڕاگەیشتن بە: زانیاری و هەواڵ، دەربڕینی دەنگێک، پەیوەندییەک و سەکۆیەک کە بتوانێت چیرۆک، دەنگ، ڕاستییەکانی ژیان بگەیەنێت. لەساڵانی ڕابردوودا بەتایبەت، ژمارەی کوردستانیانی نیشتەجێی ئەوروپا بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیان کردووە و کۆمەڵگەکەمان بووەتە بەشێکی گرنگ لە ژیانی کۆمەڵایەتی و کولتووری ئەوروپا. بۆیە لە ئیستەدا ئەم کۆمەڵگەیە پێویستییەکی زۆری بە میدیایەکی سەربەخۆو و نزیک لە ژیانی ڕۆژانەی کوردستانیان هەیە.
جڤاک میدیا، ئامانجی دروستکردنی میدیایەکی کوردیی نوێیە کە کۆمەڵگەی کوردستانی لە ئەوروپا بناسێنێت، دەنگی بگەیەنێت و پەیوەندیی نێوان ئەندامانی ئەو کۆمەڵگەیە بەهێزتر بکات. جڤاک میدیا چیرۆک و دەنگی کوردستانیانی ئەوروپا دەخاتە پێشەوە؛ لە خوێندکار و گەنجەوە هەتا پیشەساز، هونەرمەند، مامۆستا، بازرگان و تەنانەت پرسەکانی خێزان و ژیان بە باشی گرنگی پێدەدات. لەم میدیایەوە هەواڵی هەرە گرنگ و پەیوەندیدار بە کوردستانیانی ئەوروپاوە بە شێوەیەکی ڕوون و بەرپرسانە پێشکەش دەکرێت، لەگەڵ هەوڵدان بۆ جیاکردنەوەی هەواڵ لە ڕا و بۆچوون، کە ئەوانەش بۆخۆیان گرنگی تایبەتیان هەیە.
لەم سۆنگەیەوە بۆ جڤاک میدیا، گرنگە وەک سەکۆیەک کارەکانی بکات، کۆی کار و چالاکی هەوڵەکانی تر بانگەشە بکات و گرنگی پێویستیان پێ بدات. هەمیشە بە پێکەوەیی دەتوانین کار و بەرهەمێکی باشتر پێشکەش بکەین.