شوێن... --:-- --°

دەربارەی جڤاک میدیا

هەواڵ و پرسی کوردستانیان لە ئەوروپا

جڤاک میدیا، ئەگەرچی دەستپێشخەرییەکی سنوورداری چەند دڵسۆزێکە، ئومێدی هەیە ببێتە ناوەندێکی میدیایی بۆ کاری پێکەوەیی و بەکۆمەڵ و گەیاندنی سوود بەهەمووان. ئەگەرچی ئەمڕۆ هەوڵی خۆبەخشانە لاواز دەردەکەوێت، بەڵام ئێمە باوەڕمان وایە کاری خۆبەخشی جگە لەوەی ویژدان و بوونمان ئاسوودە دەکات، چێژ و خۆشییەکی تایبەتیشی تێدا هەیە. ئێمە لەڕووی توانایی و شارەزاییەوە، لەم کارە دەزانین و دەمانەوێت بەپێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکی میدیایی بە هەمووان دڵی خۆمان خۆش بکەین و خەڵکیش ئاسوودە.

ئەوانەی کار لە جڤاک میدیادا دەکەین، هیچ بەرنامەکار و بۆچوونێکی سیاسی دیاریکراومان دەستنیشان نەکردووە بەرەو کەنارێکی دیاریکراو ئاراستەمان بکات. لە هەمان کاتدا لە خەمی ئەو کۆمەڵگەیەداین کە لەدەرەوەی کوردستان دەژین و بەهۆی ئاوارەبوونەوە ژیانیان سروشتێکی جیاوازی پەیداکردووە، بەبەراورد لە گەڵ دانیشتوانی نیشتماندا. ڕەوەندی کوردستانی بە هاتنەدەرەوە لە کوردستان و نیشتەجێبوون لە وڵاتی دووهەم، خەمەکانی کەمیان نەکردووە؛ بەڵکو سەرباری کێشە بنەڕەتییەکانی خۆیان هەندێک گرفتی ئاوارەیی و دووری و ئەندێشەی ژیانی نوێتریان بۆ دروست بووە. جڤاک میدیا دەخوازێت لەم بوارەدا بەشداری بکات بە کۆمەڵێک مەبەست و ئامانجەوە. چونکە باوەڕمان وایە، ئەم بوارە گرنگی خۆی هەیە و خزمەت بە کوردستانیانی دەرەوەی کوردستان دەکات بەبێ جیاوازی ڕەنگ و ڕەگەز و نەتەوە و ئەتنیک و ئایین و هیچ پێدراوێکی تری کۆمەڵایەتی و کولتووری. ئێمە لەم کارە میدیاییەدا دەمانەوێت خەمە هاوبەشەکانی هەمووان لەگەڵ یەکتر بەش بکەین و ئاگامان لەیەکتری بێت لێرەوە.

بۆ ئێمە ئەم کارە گرنگی خۆی هەیە، چونکە:

بەرچاوڕوونی دەبەخشێت بە کوردستانیان لە دەرەوە، ئگاداربوون لەیەکتری خەمخۆری و دڵسۆزیمان بۆ خۆمان زیاد دەکات، بەهێزبوونی پەیوەندییەکانمان یەکێتی و تەبایی و هاوپشتیوانی بەهێزدەکات، دەرفەتێکە لێرەوە گرنگی بە نەوەکانی داهاتوو بدەین، خزمەتی زمان و زانیارییەکانیان بکەین و بە گرنگییەکی زیاترەوە سەرکەوتنە کەسی و تایبەتەکانیان ببینین و گەشەیان پێبدەین، کە ئەوەش چکۆلەترین پێزانینە پێشکەش بەو نەوەیەی بکەین کە لە خۆشی و جوانییەکانی نیشتمان دوورە. خودی ئەم پڕۆژە چکۆلەیە دەتوانێت زۆر زیاتر لە هەناوی خۆی باربکات، کاتێک خەڵک بەشداریمان بکەن، چونکە پرۆژەیەکە ئامانجی نییە هەتاسەر لە ئێمەوە بۆ خەڵک بێت، بەڵکو گرنگە بە بەشداری ئێوە ببێتە پڕۆژەی خەڵک خۆی بۆ خۆی.

بە خوێندنەوە و سوود بینینی ئێوە، بە بەشداری و هاوکاریتان، بەڕەخنەی ورد و زانستی و تێبینی تیژتان، دەتوانن خزمەتی پڕۆژەکە بکەن و ئێوەش ببنە خاوەنی، لە هەر سووچێکەوە دەخوازن ئێوەش دەتوانن بەشداری تێدا بکەن و دەوڵەمەندی بکەن، ئێمەش خزمەتی پێویستی و خواستە جڤاکییەکانی خەڵکی خۆمان دەکەین لە هەر کوێیەکی کوردستانی ئازاد یان داگیرکراوەوە هاتبنە خۆرئاوا و لە شارستانێتە جیاوازەکانیدا نیشتەجێ بووبن.