شوێن... --:-- --°

دەکرێت کاریگەریی سیاسی، کوردستانیانی ئەوروپا، زیاتر بێت!

دەکرێت کاریگەریی سیاسی، کوردستانیانی ئەوروپا، زیاتر بێت!

دەکرێت کاریگەریی سیاسی، کوردستانیانی ئەوروپا، زیاتر بێت!

حەسەن سەید محەمەد

چەند دەیەیەکە کوردستانیانی نیشتەجێی وڵاتانی ئەوروپا، لە بۆنە و ئاهەنگە نەتەوەییەکان و خۆپێشاندانەکاندا، بە هەڵگرتنی ئاڵای کوردستان و بەرزکردنەوەی وێنەی سەرکردە سیاسییەکان دەبینرێن. هەرچەندە ئەم ئامادەیی و جۆرە چالاکییانە کەم هەتا زۆر ڕۆڵیان لە ناساندنی کورددا هەبووە، بەڵام پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە: ئایە ئەمە بۆ پرسێکی ئاڵۆز و پڕ لە گرفتی وەک پرسی کوردستان بەسە؟ یاخود ڕەوەندی کوردستانی دەتوانێت ڕۆڵێکی کاریگەرتر بگێڕێت؟

کۆمەڵگەی کوردستانی لە ئەوروپا، نە لە ڕووی ژمارە و نە لە ڕووی توانستەوە کەم نین، بەڵکو پێویستیان بە ڕێکخستن و هۆشیاریی سیاسی هەیە. ئێمە دەتوانین هەزاران کەس لە شەقامەکاندا کۆبکەینەوە، بەڵام هێشتا نەمانتوانیوە ئەو هێزە مرۆییە بگۆڕین بۆ بەشدارییەکی کاریگەر و دروستکردنی (گرۆکانی فشارکردن).

کاریگەریی ڕاستینە لەو هەنگاوەوە دەست پێ دەکات کە کوردستانیان لەو چوارچێوەیە دەرچن کە تەنها وەک (کۆچبەرێکی ئاسایی) تەماشای خۆیان بکەن، لەلایەک مێژوویەک هێناونی و جیاوازییەکی گەورەیان لەگەڵ زۆر ڕەوەندی تر هەیە، لەلایەکیش پێویستییە کە وەک (هاووڵاتییەکی کوردستانیی ئەوروپایی) بیر بکەنەوە. نەوەی دووهەم و سێهەمی کوردستانیان دەکرێت ببنە گەورەترین هێزی سیاسی (گرۆی فشار) لە ئەورووپا؛ چونکە ئەم نەوەیە، بەتایبەت ئەوانەی لە ئەوروپا گەورە بوون یان هەر لێرە لەدایک بوون، تەنها پرسی کوردستان ژیانی دانەپۆشیون، بەڵکو ئەوان هاووڵاتییەکی ئەوروپایین و کێشە ڕۆژانەکانی ژیان لە پەیوەست بە خوێندن، کار، نیشتەجێبوون، ئازادی، دادپەروەری و داهاتووی کۆمەڵگەکە، بەشێکە لە سەرقاڵییەکانیان. ئەم نەوەیە پێگەی خۆیان لە ناو بازاڕی کار، دامودەزگاکان و تەنانەت تاکوتەرا لە ناو پەرلەمانەکانیشدا کردووەتەوە.

ئەمە بە واتای لەدەستدانی ناسنامەی کوردستانیبوون نایەت، بە پێچەوانەوە، دەکرێت ببێتە سەرەتایەک بۆ ناسنامەیەکی نوێ: کوردستانییەک کە لە هەمان کاتدا هاووڵاتییەکی کارا و بەشدار بێت لە کۆمەڵگە ئەوروپایی/ڕۆژئاواییەکەیدا. ئاوێتەبوونی کوردستانیان و بەشداریی سیاسییان لە ئەوروپا، دەکرێت ببێتە بەشێکی گرنگ لە خەمەکانی جڤاکی کوردستانی، نەک تەنها سەرقاڵبوون بە چالاکی لە نێو هەندێک ڕێکخراوی کوردیدا کە لە لایەن حیزبەکانەوە دامەزراون و زۆرجار خەریکی کاری لاوەکی و دروستکردنی دابەشکارین لە ناو ڕەوەندەکەدا.

بە بڕوای من، کۆمەڵگەی کوردستانی کاتێک دەتوانێت گرۆی فشاری کاریگەر لە ئەوروپا دروستبکات، کە ئامادەیی تەواوی بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا هەبێت (چ وەک دەنگدەر و چ وەک کاندید)، هەتا بتوانێت ڕۆڵ لە گۆڕانکارییە سیاسییەکان و ناوەندەکانی بڕیاری وڵاتانی ئەورووپادا بگێڕێت. (هەرچەندە تێبینی لەسەر خودی سیستمی دیموکراسیی ئەوروپا لە پەیوەست بە هێنانەدی دادپەروەری هەیە، بەڵام جۆرێک لە ئاڵوگۆڕی دەسەڵات هەیە کە کاریگەریی نەک تەنها لەسەر ژیانی ئەوروپاییەکان، بەڵکو لەسەر پرسی کوردیش دەبێت). پارتە ئەوروپاییەکان کاتێک وەک هێزێکی ڕاستینە هەژمارمان دەکەن کە بەشداریی سیاسیی کارامان هەبێت؛ چونکە تەنها بە بینینی ژمارەی ئاڵاکانی دەستمان لە شەقامەکاندا، کوردستانیان وەک هێزێکی سیاسیی کاریگەر نابینن.