وەرزی نوێی خوێندن لە قوتابخانەی کوردی ڤیەننا دەستیپێکرد
جڤاک میدیا - ڤیەننا ئێوارەی رۆژی شەممە 19ی ئەیلول بەبۆنەی دەسپێکردنی وەرزی نوێی خوێندن ، قوتابخانەی کوردی لە ڤیەننا ، مەراسیمێکی سازکرد ، لە مەراسیمەکەداکە ژمارەیەکی بەرچاو لە منداڵان و دایکان و باوکان و کوردستانیانی دانیشتوی ڤیەننا ئامادەی بون، خوێندکارانی قوتابخانەکە چەندین سرودی نیشتمانی و چالاکی کەلتوریان پێشکەشکرد . لەوتەیەکیشدا بەڕێوەبەری قوتابخانەکە، خاتو ژاڵە شێروانی ئاماژەی بەرۆڵی قوتابخانەی کوردی ڤیەننا کرد لە پاراستنی زمانی کوردی و فێرکردنی منداڵانی کوردستانی بە زمانی دایک و دەسپێکی وەرزی خوێندنی نوێی ڕاگەیاند. قوتابخانەی کوردی ڤیەننا ،دامەزراوەیەکی سەربەخۆیەو ماوەی چەند ساڵێکە لەلایەن کۆمەڵێک مامۆستای خۆبەخشەوە بەڕێوەدەبرێت و خزمەتی بەرچاوی کردوە لە فێرکردنی منداڵانی کوردستانی دانیشتوی شارەکە بە زمان و کەلتوری کوردستانی .
