ئەڵمانیا هونەرمەند نەشوان هەرکی دیپۆرتی عێراق دەکاتەوە
جڤاک میدیا- بەرلین
پۆلیسی ئەڵمانیا هونەرمەندو چالاکوانی کورد نەشوان هەرکی یان دەستگیرکردو ڕەوانەی عێراقیان کردەوە.
نەشوان هەرکی خەڵکی پارێزگای دهۆکی هەرێمی کوردستانە، ماوەی 11 ساڵ بوو لەشاری بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا دەژیا.
ناوبراو لەناوەندە کولتورییەکاندا وەک هونەرمەندێکی چالاک ناسرابوو لەزۆربەی ئاهەنگ و بۆنە نیشتمانییەکانی کوردستانیان لە ئەڵمانیا بەشداری بەرچاوی هەبوو.
ساڵی ڕابردوو ئەڵمانیا مۆڵەتی نیشتەجێبوونیان لەو هونەرمەندا سەندەوە و مۆڵەتی کاتیان پێدا.
هەرچەندە مۆڵەتە کاتییەکەی هێشتا بەسەرنەچو بوو. بەڵام پۆلیس دەستگیرکرد و رەوانەی عێراقیان کردەوە، لەکاتێکدا بڕیاربو رۆژی دووی ئەیلول بۆ تاوتوێکردنی دۆسیەکەی بچێتە دادگا، بەڵام پێشوەختە و بێ پێدانی هیچ زانیاری و ئاگادار کردنەوەیەک بۆ خۆی و کەسوکار و پارێزەرەکەی ڕەوانەی عێراق کرایەوە. بەوتەی کەسوکارەکەی دیپۆرتکردنەوەی نەشوان هەرکی پەیوەندی بە بەشداری کردنی لە بۆنەکانی رێکخراوی کۆمەڵگا دیموکراتییەکانی کوردستانیەکانی ئەوروپاوە هەیە کە بەوە ناسراوە لە پارتی کرێکارانی کوردستانەوە نزیکە.
ماوەی چەند ساڵێکە ژمارەیەک کۆچبەرو پەنابەری کورد بەهۆی نەبونی مافی نیشتەجێ بوون و مانەوەی لە ئەڵمانیا لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە بەزۆرەملێ ڕەوانەی عێراق کراونەتەوە، بەبێ گوێدانە ئەوەی لە وڵاتی دایک ڕوبەڕوی چی دەبنەوە.
