شوێن... --:-- --°

حەمید بەدرخان : هەژدەیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی بەدرخان لەشاری ڤیەننا ئەنجامدەدرێت

حەمید بەدرخان :  هەژدەیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی بەدرخان لەشاری ڤیەننا ئەنجامدەدرێت

حەمید بەدرخان : هەژدەیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی بەدرخان لە 22/4/2027 شاری ڤیەننا ئەنجامدەدرێت

تایبەت بە جڤاک میدیا

ئەکادیمیای بەدرخان بۆ توێژینەوەی رۆژنامەوانی و کەلتور لە 22.10.2000 لە شاری سلێمانی دامەزراوە. کارەسەرەکییەکان و ئامانجی ئەکادیمیای بەدرخان لە بوارەکانی رۆژنامەوانی، مێژوو، کەلتور ، پاراستنی ئەرشیف و دەستنووسیی کوردییە.

ئەکادیمیا بەشداری گرنگی هەبووە لە دۆزینەوەو پاراستنی ژمارە کۆنەکانی رۆژنامەی کوردستانی دایک کە میقداد و عەبدولڕەحمان بەدرخانی برای لە22.04.1898 لە چاپخانەی دارولهیلال لە قاهیرە دەریچواندووە. لەهەمانکاتیشدا ئامانجی لۆبیکردن و دروستکردنی پردی ڕوناکبیریی لە نێوان گەلی کورد و گەلانی دیکە .

ئەکادیمیای بەدرخان سەرەڕای چاپکردنی سەدان ن کتێب، رۆڵی گرنگی هەبووە لە سازکردنی فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکانی بەدرخان 2004 -2026 ، تاکو ئێستا 17 فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی بەدرخانی لەچەندین وڵاتانی جیهان ڕێکخستووە.

جڤاک میدیا بۆ تیشک خستنە سەر ئەو ڕۆڵە گرنگەی ئەم ئەکادیمیایە لە پاراستنی کەلتوری رۆژنامەوانی و رۆشنبیری، چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ حەمید ئەبوبەکر بەدرخان سەرۆکی ئەکادیمیای بەدرخان بۆ توێژینەوەی رۆژنامەوانی و کەلتور ، ڕێکخستووە و سەرەتا پرسیمان :

* بیرۆکەی فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکانی بەدرخان چۆن سەریهەڵدا، ئامانجی سەرەکییتان چی بوو؟ بۆچی ئەو ناوەتان هەڵبژارد؟

- سەرەتا پیرۆزبایی لەو سەکۆیە ئازادەتان لێدەکەم، بەهیواین دەنگێکی ئازاد و زوڵاڵی هەموو کوردێکبێت لە تاراوگە .

سەبارەت بە بیرۆکەی سازدانی فێستیڤاڵی بەدرخان دەگەڕێتەوە بۆ هەوڵێکی بێ وچانی من، دوای ئەوەی بە کۆششێکی زۆر توانیم نەخشەی کوردستانی سەردەمی عوسمانی پەیدابکەم و بیخەمە بەردەم بەڕێز ڕەوانشاد جەنابی مام جەلال 1933 -2017 . ئەوەبوو لە مەجلیسی حكوم مام جەلال مورافەعە مێژوویەکەی ئەنجامداو، نەخشەی کوردستانی بە سنوورەکانی کوردستانەوە خستە سەرمێزی ئەنجومەنی حوکم لە عیراق لە 19.02.2004.

ئێمە لەبەرامبەر ئەم کارە هیچ پاداشتێکمان وەرنەگرت ، ئەو کات تەنیا مانگنامەی بەدرخانمان دەردەکرد .

هەڵبەت بەدرخانییەکان باوکی رۆحى رۆژنامەگەریی کوردی بوون، لە 22ی نیسانی 1898 توانیویانە لە چاپخانەیەکی قاهیرە یەکەم رۆژنامەی کوردی بەناوی کوردستان دەربکەن.

ئێمە پێشنیارمان بۆ جەنابی مام جەلال کرد کە ئەو ڤێستیڤاڵە بۆ زیندوو ڕاگرتنی یادی بەدرخانییەکان ئەنجام بدەین، ئەوەبوو بەرنامە دانراو توانیمان لە سەرەتای سالی 2004 لە هۆلی سەنتەری گەنجان سلێمانی بە ئامادەبوون ژمارەیەکی بەرچاو لە ڕۆشنبیران ومیوانی دەرەوەی کوردستان فیستیڤاڵی یەکەم بە دروشمی ئێمە قەرزداری بەدرخانییەکانیین ،بەسەرکەوتوویی ئەنجام بدەین ، خۆشبەختانە تاکو ئێستا بەردەوامە.

* فێستیڤاڵی بەدرخان تەنیا رۆشنبیری وکەلتورییە ، یاخود پەیامی نیشتمانیی و نەتەوەیی لە پشتە ؟

- لەو 17 فێستیڤاڵەی ئەنجامانداوە ، لە هەر فێستیڤالێک، پەیامێک، داهێنانێکمان هەبووە، بۆماوەی 15 ساڵ لەسەریەک، بە شێوەیەکی زۆر جیاواز یادی رۆژنامەگەریی کوردیمان بۆ کوردستانییان کردۆتەوە، هەوڵمان داوە یادی هەموو ئەوکەسانە بکەینەوە کە خزمەتیان بە دونیای رۆژنامەگەری کوردی کردووە، ئێمە توانیمان ئەلبوومی رۆژنامەنووسانی کوردستان لە فێستیڤاڵی هەولێرو دهۆک چاپ بکەین، ئەلبوومی بەدرخانییەکان چاپ بکەین، شۆڕشی بەدرخانییەکان چاپ بکەین، سەرەڕای چەندین پەرتووکی دیکە. لە فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکانی بەدرخان،. لە ئەمریکا دوو جار ، روسیا، جۆرجیا، ئەڵمانیا دووجار ، فەرەنسا دووجار، ئۆکرانیا، ئیتاڵیا دووجار ، یۆنان ، بەریتانیا ، هۆڵەندا، فینلەندا زۆربەی وڵاتانی دیکە لە هەر فێستیڤاڵ و وڵاتێک پەیامێکمان هەبووە. پەیامەکانمان ڕاستکردنەوەی هەموو ئەو بیرە و بۆچوونە چەوتانەوە بووە کە بەشێک لە روناکبیرانی ڕۆژئاوا بەرامبەر بە کورد هەیان بووەو نوسیوویانە، بۆ نموونە، کە چوینە یۆنان باسمان لەوەکرد کە نوسەرێکی گەورەی وەک نیکۆس کازانتزاکیس لە رۆمانی زۆربا دەلێت : ( تۆپخانەکانی کوردەکان ئێمەیان دەشێلا، کوردەکان لەبەرچاوی ئێمە قشەکانیان ناڵ دەکرد ) ئێمە چوین بۆ شاری کریتا ، شوێنی لەدایک بونی نیکۆس کازانتزاکیس ڕوونمان کردەوەو بۆمان سەلماندن،کە ئەوەی نیکۆس باسی کردووە خەیاڵی خۆیەتی، دەنا کورد دەسەڵات و حوکومڕانی نەبووە، قەشەکان ناڵ بکات، بە پێچەوانەوە کورد گیانی لێبوردەی و گیانی ئاشتی زۆر بەرزە و دوورە لە توندوتیژی، لە ئەنجامدا ڕۆشنبیرانی یۆنان داوای لێبوردنیان لەو تێگەیشتنە هەڵەیە کرد.

* هەڵبژاردنی ناوی شەریف پاشای خەندان و ئەنجامدانی حەڤدەیەمین فێستیڤاڵی بەدرخان لە ساڵی 2026 لە شاری کەتەنزاڕۆ لە ئیتاڵیا بۆ ؟

- ئەنجامدانی 17 یەمین فیستڤاڵی بەدرخان لە ژێر ناوی شەریف خان پاشای خەندان ،1865 - 1951 پێشەنگی دیبلۆماسیی کورد بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە جەنەڕاڵ شەریف پاشا، پێشەنگی دیبلۆماسییەتی کوردی بووە، ئەو پیاوە،کاتێک لە ساڵی 1898 تا 1908 کە باڵیۆزی عوسمان بووە لە ستۆکهۆڵم، لە خەمی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان بووەو هەوڵی بۆ داوە، لە کۆنگرەی ئاشتی لە پاریس1919 هەوڵی داوە مافی چارەنوسی گەلی کورد بچەسپێنێ لە کۆمەڵەی گەلان.

ئێمە وەک لیژنەی ئامادەکاری فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی بەدرخان، حەوت جار چوینە شاری کەتەنزارۆ لە باشوری ئیتاڵیا، تا پەیامی شەریف پاشا، بگەیەنین، شەریف پاشا ڕۆژانێک لە خەمی پێکهاتنی قەوارەیەک بۆ کورد بووە، ئێمە پەیکەرێکی ئەو سەرکردە کوردەمان لە قەڵای کەەتنزارۆ لە ئیتاڵیا دانا، بۆ زیندوو ڕاگرتنی یادی ئەو سەرکردە مەزنەی کوردستان.

هەر لە ڤێستیڤاڵەکەشدا سەرۆکی شارەوانی کەتەنزارۆ ئاماژەی بە دۆزینەوەی گۆڕی سەرکردەو دیبلۆماتکاری گەورەی کورد شەریف خان پاشا کرد لە گۆڕستانی ئەوشارە ئۆرجیناڵی وەفاتنامەی شەریف پاشای لەهۆڵی فێستیڤاڵ ئاشکراکرد، کۆتای بەو مشتومڕە هێندرا کە لەبارەی وەفات و گۆڕی ئەو سەرکردەیە هەبوو، هەروەها فیستیڤاڵەکە لەلایەن میدیای ئیتاڵیاوە بایەخی گەورەی پێدرا.

* هەژدەیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی بەدرخان لەکام وڵات ئەنجام دەدەن ؟

- فێستیڤاڵی داهاتووی بەدرخان، واتا 18یەمین فێستیڤاڵی بەدرخان لە 22/4/2027 لە شاری ڤیەننای پایتەختی نەمسا سازدەکەین، لەئێستادا لەگەڵ دامەزراوەی سەرۆک تاڵەبانی، مەڵبەندی کوردی ڤییەنا، ماڵی کوردان نەمسا، ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردی لە بۆن، سەرقاڵی ئامادەکارین بۆ فێستیڤاڵەکە.

هەژدەیەمین فیستڤاڵ لەژێر دروشمی ( کەلتور کۆمان دەکاتەوە) سازدەکرێت و چەندین پانێڵ و پێشەنگی کتێب و چالاکی هونەری و کەلتوری لەخۆ دەگرێت، بە بەشداری دەیان روناکبیرو شاعیرو هونەرمەند. هەر لەو یادە سەرجەم ژمارەکانی ڕۆژنامەی مەشڕوتیەت بە فەرەنسیی و تورکی عوسمانی کە شەریف پاشا سەرنووسەری بووە ، دووبارە چاپدەکرێتەوە .لەگەڵ کتێبەکانی ڕەنشاد مستەفا ساڵح کەریم و چەندین بەرنامەی دیکە .